Sent to you by گریلا via Google Reader:
چه‌پكێک له شێعره کانی فاتیح شێخ(چـــــاوه)
بووكی كۆست كه‌وتوو
< ناته‌واو >
سروه‌ی به‌ربه‌یان
كاتێک خه‌ڵكی دێ
تاقه تاقه‌یێ
له خه‌و هه‌ڵئه‌سان
ته‌ماشایان كرد دارێک ڕواوه
دارێک به‌رز و وڕ
بێ خونچه و گه‌ڵا
بێ هه‌ژگ و هه‌ڵا
به ناموباره‌ک
به‌ری هێناوه
له‌شێک سارد و سڕ
«» «» «» «»
لێی كۆ بوونه‌وه
یه‌ک یه‌ک و دوو دوو
زیز و بێ ده‌ماخ
سینگی له ترسی دوژمن دامردوو
جماوجم له ئاخ
چاوی نه‌خه‌وتوو
لێوان له فرمێسک
فرمێسكی خاوێن
- كه ورشه‌ی نێزه‌ی سه‌ربازی به‌د ئێسک
ڕێی پێ نه‌ئه‌دا
بڕژێته داوێن -
دڵی خه‌مگرتوو
پڕ له شه‌رت و سوێند
له گه‌ڵ ئاهه‌نگی سروه‌ی به‌ربه‌یان
سروودیان ئه‌خوێند
…………………..
…………………..
له پڕ تاپۆیه‌ک
ده‌ركه‌وت له ئاسۆی ته‌مگرتووی دێوه
ماندوو و پێخاوس
له دنیا وه‌ڕه‌س
شپرزه و شه‌مزاو له په‌نای ڕێوه
داوێنی سووری له دوو كێش ئه‌كرد
یه‌خسیری به‌ندی خه‌م و په‌ژاره
به عاسته‌م هاته عاستی سێداره
به‌ڵام له‌وێدا ئه‌ویش كه‌وت و مرد.
«» «» «» «»
كێ بوو ئه‌و كیژه
بووكی كۆست كه‌وتوو
كه هه‌ڵوه‌ریبوو
به سه‌ر داره‌وه خونچه‌ی ئاواتی
ئه‌ویش له ده‌س چوو
تارای په‌مه‌یی
- داخی داخانم -
كه‌وت به میراتی.
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1340 (1961)
——————————————————————————————————-
لووتكه‌ی ئامانج
< ناته‌واو >
شه‌و بوو
شه‌وێكی تاڵ و ڕه‌ش
وه‌ک ده‌روونی دێ‌و و درنج
یا وه‌ک چاره‌ی نه‌نووسراوی كوردی بێ به‌ش
شه‌وێكی بێ ترووسكایی
كه تاریكی
له‌م ئاسۆ تا ئه‌و ئاسۆ بوو
نه زه‌رده‌خه‌نه‌ی ئه‌ستێره به‌ر چاو ئه‌كه‌وت
نه ڕیزه هه‌ڵپه‌ڕكێی "كۆ" بوو
نه بزه‌ی مات و خه‌مگینی حه‌وته‌وانان.
«» «» «» «»
شه‌و بوو
وه‌ها له په‌نجه‌ی پڕ هێزی دا ئه‌یگووشیم
ساتێ سه‌د جار
ئاواتم ئه‌خواست به گۆڕه‌وشار
…………………..
…………………..
زیخه‌ڵانی به‌ربڵاوی ژینم ئه‌بڕی
هه‌ر له په‌ساش
به ده‌ستی توێخ پێوه نه‌ماو
ئاره‌قی ته‌وێڵم ئه‌سڕی
چه‌ن هه‌ورازم كرده نشێو
چه‌ن خۆم به شاخ و داخا دا
به‌ڵكوو بگه‌مه لووتكه‌ی كێ‌و
چه‌ن جار به كۆڵێک زامه‌وه
چوومه شه‌رای مه‌رگ و دیسان گه‌ڕامه‌وه
…………………..
تاكوو له پڕ
پڕیشكی ئه‌ستێره‌ی به‌یان
په‌رده‌ی ڕه‌شی شه‌وی تا خوارێ دادڕی
تاوێكی زۆری پێ نه‌چوو
تاویش هه‌ڵات
پڕ نه‌شئه‌تر له سه‌د باده‌ی كه‌لله‌ته‌زێن
ناوچاوی گرژی شاخه‌كانی كرده‌وه
به ماچێكی تاسه‌شكێن
«» «» «» «»
منیش له سێبه‌ری لووتكه‌ی ئامانجم دا
تاوێک نووستم
كاتێک كه چاوم هه‌ڵبڕی
ئه‌وا تۆ بووی له سه‌رینم
ئه‌ی نۆبووكی جوانی ئاواتی شیرینم
سه‌رمت گرتبووه سه‌ر باسک
به ده‌ست و په‌نجۆڵه‌ی ناسک
ئاره‌قی ته‌وێڵمت ئه‌سڕی
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
تاران – 1340 (1961)
——————————————————————————————————-
ئاخۆ ئاخۆ!
< ناته‌واو >
…………………..
ئاخۆ كه‌ی ئه‌بێ ده‌س له ئه‌ستۆ كه‌ین؟
له دڵ مه‌ینه‌تی چه‌ن ساڵه ڕۆ كه‌ین؟
ئاخۆ كه‌ی ئه‌بێ بگه‌ینه ئا‌وات؟
ئاخۆ كه‌ی ته‌ركی ئاخۆ ئاخۆ كه‌ین؟
…………………..
…………………..
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1341 ؟ (1962)
——————————————————————————————————-
شه‌مه‌ننه‌فه‌ر
< ناته‌واو >
درێژ درێژ شه‌مه‌ننه‌فه‌ر
دایپۆشیوه ڕه‌یلی بێ سه‌ر
كون كون لاشه‌ی شووش و باریک
به په‌نجه‌ره‌ی نزیک نزیک
ئه‌ڵێی نێ ئاشی ڕووخاوه
مه‌ل هێلانه‌ی لێ داناوه*
…………………..
…………………..
له سه‌ر سه‌كۆی به‌ڕێكه‌ران
مۆنج ئه‌خوا ده‌ریای بێكه‌ران
هه‌ر كونجه و هه‌ر كه‌له‌به‌ره
جێگای دڵدار و دڵبه‌ره
ده‌سته‌وملی خواحافیزین
هه‌لخوازی ماچێكی دزین.
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1341 ؟ (1962)
——————————————————————————–
*: ڕه‌مزی سه‌رده‌می هاتنی "ئاشه‌مه‌كینه" و فه‌وتانی ئاشی ئاوی.
——————————————————————————————————-
گژه‌با
< ناته‌واو>
ئه‌ی گژه‌با گژه‌بای دڕ
هاوڕێی زستانی سارد و سڕ
ئه‌ی خۆبه‌خۆ دوژمن به خۆشی و ئاسایشت
نه‌ک هه‌ر بۆ ته‌نیا من بۆ گشت
ئه‌ی گژه‌با گژه‌بای دڕ
باش ئه‌تناسم باش ئه‌زانم
كه ڕووت كرده دارستانی تاریک و چڕ
هێلانه‌ی هه‌زاران هه‌زار
بێچووه مه‌لی كزی هه‌ژار
ئه‌شووخێنی
دایک و بابیان له دارستان ئه‌ته‌رێنی
به چنگووڕی بێ به‌زه‌یی
خونچه و گه‌ڵا ئه‌وه‌رێنی
…………………..
ئه‌ی گژه‌با گژه‌بای دڕ
جل و به‌رگت لێ كردم شڕ
چرای د‌سمت كوژانده‌وه
به ته‌پ و تۆز
چاوت پڕ كردم له گرێ
به‌ڵام ئه‌مانه هیچكامی
ناتوانێ ڕێگام لێ گرێ
…………………..
…………………..
ناتوانی ڕێگام لێ ون كه‌ی
ناتوانی قه‌ڵای تاقه‌تم سه‌ره‌وبن كه‌ی
…………………..
ئه‌ی گژه‌با گژه‌بای دڕ
له سه‌ر ڕێگام لاده سمڕ
سوێندم به تیشكی ڕزگاری
سوێندم به ئه‌ستێره‌ی ئا‌وات
سوێندم به سروه‌ی به‌هاری
ناتوانی ڕێگام لێ ون كه‌ی
ناتوانی قه‌ڵای تاقه‌تم سه‌ره‌وبن كه‌ی
…………………..
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1341 (1962)
——————————————————————————————————-
خۆزگه‌ی منداڵی
< ناته‌واو >
تا دوێنێ بوو ئاسووده بووم منداڵ بووم
له باخچه‌ی ژین نه‌مامی كرچ و كاڵ بووم
گوڵ بووم پێ ئه‌كه‌نیم به ده‌م دونیاوه
هاوچریكه‌ی بولبول بووم تاوه تاوه
په‌پووله بووم ئه‌سووڕام ئه‌م باخ ئه‌و باخ
شه‌وان گه‌ڵای شه‌وبۆم ئه‌كرده قۆناخ
به‌یان ورشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی ئاسۆ بووم
ئێوارانه كه‌روێشكه‌ی گه‌نم و جۆ بووم
…………………..
…………………..
به‌ڵام ئێستا؟ كێ بێ له خۆم كوڵۆڵتر؟
كام گۆڕی داڕزیو له گیانم چۆڵتر؟
كێ عومری وه‌ک عومرم سكه‌ی به‌تاڵه؟
ڕوحی سزاكێشی هه‌زار خه‌یاڵه؟
ئێستا له پاش هێنده هومێده‌واری،
هێنده داماوی و سه‌ركزی و هه‌ژاری،
هیوای دوورم وایه، شه‌وێكه و ئیمشه‌و،
پێڵووی چاوم داپۆشێ په‌نجۆڵه‌ی خه‌و!
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
زستانی 1342 (1963)
——————————————————————————————————-
شه‌و
شه‌وم برده سه‌ر به ئاواتی خه‌و
خه‌و نه‌بوو له‌به‌ر خه‌یاڵاتی شه‌و
تاریكیی شه‌وان خه‌یاڵ ئه‌هێنێ
درێژیی خه‌یاڵ خه‌و ئه‌ڕه‌وێنێ
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1342 (1963)
——————————————————————————————————-
زستان
سێ چوار ڕۆژێک به بێ وچان
كولوو كولوو به‌فر باری
هه‌موو وڵات
ساماڵسا بوو به یه‌كجاری
ئاسمانی ڕه‌ش
تاوێک نه‌یئه‌ترووكاند چاوێک
به‌فر باری، به‌فر باری
بستێک، ئه‌ژنۆیه‌ک، ناوقه‌دێک، باڵاپیاوێک
«» «» «» «»
له‌م لاو ئه‌و لای دێیه‌كه‌وه
په‌سا په‌سا ماڵ ئه‌ڕووخا
هێلانه‌ی هه‌ژار ئه‌شووخا
نا! نا! ئیتر پێی ناڵێم ماڵ:
گۆڕی گشتیی ژن و منداڵ!
«» «» «» «»
چه‌ن ڕۆژێک بوو
باوكی نازدار
چووبوو بۆ شار
چووبوو جلی بۆ بستێنێ:
كراسی جا‌و
سه‌ڵته‌ی به‌ر و پشت به‌لاشه،
"نازداری خۆم پێی داپۆشێ ڕووتیی لاشه"
ئێواره‌یه‌ک
چه‌ن تارمایی
ته‌رمێک له كۆڵ
ئه‌یانشكاند به‌فر و سه‌هۆڵ
ملیان ئه‌نا بۆ ئاوایی
ته‌رمی كێ بوو؟
ته‌رمی كێ بوو؟
ته‌رمی ڕه‌قبووی باوكی نازدار
هه‌ی قوڕ به سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژار!
«» «» «» «»
ماڵێک لاڕووخاو
دڵێک پڕ زووخاو
ژینێكی په‌ڕپووت
نازدارێكی ڕووت
به میرات مابوو
بۆ دایكی نازدار:
مه‌گری مه‌گری نازداره‌كه‌م، ده مه‌گری به‌سه
هه‌ر ئێمه نین، خه‌ڵكی هه‌ژار هه‌مووی بێكه‌سه
مه‌گری، مه‌گری، نازداره‌كه‌م بخه‌وی باشه
فریشته‌ی خه‌و بۆی دووریوی سه‌ڵته‌ی به‌لاشه
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
(زستانی 1342 (1963) به‌فرێكی قورس باریبوو، خه‌سارێكی زۆری له خه‌ڵكی هه‌ژار دابوو)
——————————————————————————————————-
له پشت عه‌كسێک بۆ یۆسف هه‌ورامی:
ئه‌و ڕۆژانه‌ی له گه‌ڵ منا
تازه ئه‌بووی به ئاشنا
هه‌ردووكمان به خۆشی و شادی
چاوه‌ڕوان بووین بۆ ئازادی
خۆزگامه تا ئه‌م جاره‌وه
كڵاو ئه‌نێین به لاره‌وه
ئه‌و لێوه‌ی وا ئێستا كزه
ئه‌وسا پڕ ئه‌بێ له بزه.
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
زستانی 1342 (1963)
——————————————————————————————————-
شه‌وه
په‌سا په‌سا په‌ره‌گر بوو
شه‌وی كڕی لاسار
نه‌ما شنه‌ی شه‌وبا
نه‌وی بوو چه‌سپی زه‌وی بوو
له سامی شه‌و پاسار
به سیحری تاریكی
هه‌بوو، نه‌بوو یه‌ک بوو
نه‌ما نیشانه‌ی بوون
نه‌ما نیشانه‌ی من
له‌شم توایه ده‌روونی شه‌وێكی بێ ڕوچن
په‌سا په‌سا په‌ره‌گر بوو
به‌ره‌و فه‌زای بێ بن
به‌ره‌و فه‌زای بێ بن
«» «» «» «»
به چاو و گوێ
په‌له‌قاژه‌ی شعووری بوونم بوو
سه‌رنجی چاوی به هه‌ڵپه‌م
شه‌وی سمی
له هه‌موو لاوه
بۆ ترووسكایی
به له‌ز بوو گیانی به سوێ
دڵی به خورپه له بن گوێ
وه گوێ به وریایی
به كوڵ مه‌ڵاسی جریوه‌ی ژیان
به‌ڵام هه‌یهات!
مه‌لوولی كردم شه‌و
مه‌لوولی كردم شه‌وگار
عه‌زابی دامێ شه‌وی بێ ڕه‌زا
به گۆڕه‌وشار
«» «» «» «»
كه‌چی له دوورترین ناخی ئه‌م شه‌وا
ناكاو
به نه‌رمه ئاهه‌نگێ
درنگ درنگ ده‌نگێ
وه‌كوو پته‌ی سه‌ر ئاو
شه‌پۆلی خسته ده‌روون
له گوێم ته‌نینی له گوێن هه‌ڵقوڵینی كانی بوو
ته‌نینه‌وه‌ی وه‌كوو بۆنی هه‌ڵاڵه ئانی بوو
شنه‌ی بڵاوێنی
دنه‌ی ئه‌دا به خه‌یاڵ:
هه‌را هه‌رای نووحه،
گه‌می ئه‌خوڵقێنێ
كه دێوی زاڵمی شه‌و
هه‌ڤاڵه‌كانی به لافاوی ڕه‌ش نه‌خنكێنێ؟
به‌یاخی كاوه‌یه ئاخۆ
به ڕه‌مزی فه‌تحی به‌یانی
له جه‌رگی شه‌و ئه‌چه‌قێ؟
مه‌لی به‌یانه له شه‌و زیزه بێ وچان و هه‌دا
ده‌نووكی سه‌ختی له په‌رژینی قایمی شه‌و ئه‌دا؟
وه یا ته‌ور به ده‌سێكه
له دارستانی چڕی شه‌و
خه‌ریكه تێئه‌په‌ڕێ
ڕوو له شاری ڕووناكی؟
«» «» «» «»
ئه‌هات، ئه‌هات، ئه‌هات
ئه‌هات و شه‌و شه‌ق ئه‌بوو
شعووری گه‌رمی هه‌بوون
به گیانما ئه‌گه‌ڕا
جێ به سامی شه‌و له‌ق ئه‌بوو
ئه‌هات، ئه‌هات، ئه‌هات
ئه‌هات و گه‌وره ئه‌بوو
گه‌وره‌تر ئه‌بوو
هه‌یهات!
له سامی شه‌و كڕ بووم
له سامی ده‌نگ پڕ بووم
دڵم كولاوه به زرمه‌ی هه‌ناسه‌تاسێنی
ئه‌هات و گه‌وره ئه‌بوو
گه‌وره‌تر ئه‌بوو
هه‌یهات!
شه‌قژنی تاڵی وه‌كوو مه‌رگی ناگه‌هانی بوو
ته‌نینه‌وه‌ی وه‌كوو ژه‌هری هه‌لاهه‌ل ئانی بوو
هه‌رای ده‌روونئاخن
په‌سا په‌سا په‌ره‌گر بوو
وه‌كوو شه‌وی لاسار
په‌سا په‌سا پشووبڕ بوو
عه‌زابی گۆڕه‌وشار
وه‌رن وه‌رن هاوار!
وه‌رن وه‌رن شه‌وه گرتوومی
بمگه‌نێ
هاوار!
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1343 (1964)
هه‌زار بورجی به‌ڵه‌ک ناشكێنێ تاسه‌ی مه‌م
خه‌یاڵی زینی به‌ڵه‌ک چاو ئه‌گه‌ر نه‌دا ته‌سكین
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
——————————————————————————————————-
غه‌ریبی
له دڵمانا غه‌ریبی ئه‌ی شه‌وی نه‌ورۆز
له دڵمانا غه‌ریبی ئه‌ی شنه‌ی گه‌رمی به‌هاراوی
له دڵمانا غه‌ریبی ئه‌ی كچی لادێ؛
گوڵاڵه‌ی سه‌وزه‌ڵانی
به چاوی گه‌ش،
گه‌زیزه‌ی به‌ربه‌ڕۆژانی،
تریفه‌ی به‌فری به‌رتاوی،
زرێباری به‌یانی تاو و ساوی.
كوله‌نجه‌ی خامه‌كت به‌لگی وه‌نه‌وشه،
كراسی كڕنه‌كت لیلووپه‌ڕی ئاوی.
كه هه‌ڵئه‌بڕێ كوڵی گه‌رمی گه‌رووی ناسک
خورۆشی خاڵه ڕێبوار،
له شه‌قبوونی شه‌وا قاوی دلێری خاسه‌كه‌و،
قاوی كه‌وی هه‌رده، كه‌وی كۆسار،
كه‌چی هێشتا
له دڵمانا غه‌ریبی ئه‌ی كه‌و ئه‌ی كه‌ویار.
«» «» «» «»
گوڵاڵه‌ی سه‌وزه‌ڵانی!
غه‌ریبی لێ ئه‌بارێ ئه‌م به‌هاره
غه‌ریبی لێ ئه‌بارێ شینی گه‌رمی ورده‌بارانی
گه‌زیزه‌ی به‌ربه‌ڕۆژان!
به به‌ژنی ئاڵوواڵا جوان و شیرینی،
له به‌ر چاوم كه‌چی، هه‌ی قوڕ به چاوم، بووكه دارینی.
له به‌ر چاوم ته‌جه‌للیی ئینتیزاری
كه چاوه‌ڕوانی بارانی به‌هاری
«» «» «» «»
به‌ڵام تۆ خه‌م مه‌خۆ
مه‌چۆ فه‌قیانه‌كه‌ت مه‌دڕه
له داری كۆنه شه‌خسێک مه‌یكه ئاڵایی
برای پینه و په‌ڕۆ بارت
برای بن كۆڵه دار‌ت
داری شه‌خسه
مه‌ترسه
نیازی لێ بخوازه ده‌س ده پشتێنی
بڵێ تا چه‌نده هه‌ڵكێشین له سایه‌ی داری بی ئاخی غه‌ریبی
نیازی لێ بخوازه به‌شكوو هیممه‌ت كا
به‌هار بێنێ و نیاز بێنێ و
"داری ساز و ڕاز"* بێنێ
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
نه‌ورۆزی 1345 (1966)
——————————————————————————————————
*: "داری ساز و ڕاز" له داستانی كۆنی کوردی‌دا وێڕای "بولبولی خۆش ئاواز" ئاواتی کچێکی جه‌وانه كه له ده‌زگيرانه‌كه‌ی داوای كردووه.
——————————————————————————————————-
فه‌رشی ماڵه‌كه‌م
فه‌رشی ماڵه‌كه‌م
ڕه‌نگی كاڵه
به‌ختی تاڵه
غه‌رقی تۆز و خه‌وش و خاڵه
مامه عه‌نكه‌بووت
قوژبنێ نه‌ماوه نه‌یته‌نێ
جێ نه‌ماوه هه‌ڵنه‌خا په‌تی
سیحری فووی ده‌می كه‌مه‌نده مێش ئه‌خاته به‌ند
مێشی گه‌وره خۆی و غیره‌تی
په‌ت پساندنێكی لازمه
«» «» «» «»
فه‌رشی ماڵه‌كه‌م
هه‌رچی نه‌خشی ته‌خت و مینبه‌ر و مناریه
سیسرک ڕمێكی لێ چه‌قاندووه
قیژه‌قیژ و گاره‌گاریه
"سیسیرو"ی به‌زاندووه
«» «» «» «»
فه‌رشی ماڵه‌كه‌م به داوی جاڵجه‌ڵووكه
نه‌خشه‌كانی بوونه چنجڕووكی په‌سپه‌سۆكه
بوونه هه‌یكه‌لی جنۆكه
فه‌رشی ماڵه‌كه‌م
ته‌كاندنێكی لازمه
«» «» «» «»
كێهه سووچی ده‌س ده‌مێ؟
كێیه دێته یارمه‌تی؟
خۆ هه‌واڵه‌كه‌م وه‌نه‌وزی خسته خۆ،
هه‌واڵه‌كه‌م هه‌واڵه‌كه‌م،
- قوڕ به ماڵه‌كه‌م -
نه‌خشی خه‌وش و خاڵه ڕوومه‌تی،
پرخه پرخی خه‌ویه‌تی؛
ڕاشه‌كاندنێكی لازمه
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
تاران – به‌هاری 1345 (1966)
——————————————————————————————————-
به‌رخه‌مامز
ئه‌ی فریشته جوانه‌كه‌م!
ئه‌ی په‌پووله ناسكه‌ڵانه‌كه‌م!
به‌رخه‌مامزی هه‌واری كوردسانه‌كه‌م!
هاتمه هه‌واره‌كه‌ت
ڕێم گه‌یشته به‌ر ده‌واره‌كه‌ت
بواری لێ ته‌نیم به جارێ به‌ژن و باره‌كه‌ت
تاوی لێ چنیم سه‌رنجه جار به جاره‌كه‌ت
ئه‌ی كه‌نیشكه كاڵه‌كه!
كۆتری ته‌قڵه‌بازه چاوی تۆ
زۆر كه‌ڕه‌ت به توند و تۆڵی هاتمه ڕاوی تۆ
هه‌ڵنه‌كه‌وت كه بتگرم به چاو
هه‌ڵنه‌كه‌وت كه بتگرم به چاو به‌ڵام
ده‌وده‌وه‌ی نیگا دلێره‌كه‌ت
لێوه به بزه فێره‌كه‌ت
زولفه قه‌یچی پاچه‌كه‌ت
كوڵمه سووره جێگه ماچه‌كه‌ت
وه‌زنی هه‌ڵپه‌ڕینه‌كه‌ت
قافیه‌ی ڕه‌وانی شێعری پێكه‌نینه‌كه‌ت
گشتی نه‌خشی گیانمن
ته‌مڕه‌وێنی ئاسمانمن
هه‌ر له گوێمه زه‌نگی ده‌نگه نه‌رمه‌كه‌ت
هه‌ر به تینه ئاره‌زووی سه‌رنجه گه‌رمه‌كه‌ت
گا به لار و له‌نجه دێی
ڕاده‌ژێنی لانكی دڵ
گا ئه‌ده‌یته لانی سركه‌مامزی
ئه‌مگریته به‌ر سه‌رنج و سڵ
نایه‌ڵی بنووم به تاو و تێی ئه‌وینه‌وه
هه‌ر تلاوتلم ئه‌ده‌ی به ده‌ردی خه‌و ڕه‌وینه‌وه
شه‌و به سه‌ر ئه‌چێت و من
پایه‌نازی تۆی ئه‌كه‌م حه‌ریری مانگه‌شه‌و
پڕ به ئاسمان هه‌سێره دێنمه حاجه‌تت
تا به جێ نه‌هێڵی ئاسمانی گیانه‌كه‌م
ئه‌ی هه‌سێره جوانه‌كه‌م!
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
هاوینی 1345 (1966)
——————————————————————————————————-
دل شكسته من
این شعر ترجمه شعری است از گوران ("سكاڵا": له سه‌مای به‌رزی ئاسمانی حوسنا تاقه ستاره …) كه پاییز 1345 در مجله "خوشه" به سردبیری احمد شاملو چاپ شد.
در آسمان بلند جلال و زیبائی
ستاره‌ای بودی پر شكوه و رویائی
نگاه من ز تماشای جلوه‌ات برگشت
در اولین برخورد
نمی‌رسید سرانگشت بخت كوته برد
به گرد دامن تو
ز راه‌برد خیالم بسی فراتر بود
امید دیدن تو
ولی دریغ! گمان بردی از غرور من است
حریص‌تر شدی و دام‌گستری كردی
به جادوی حركات و تبسم و پیغام
فسونگری كردی
دلم – پرنده خونگرم نوجوانی – را
فریفت وسوسه عشق و در پیت بشتافت
ولی چه سود؟ نیافت
نه جلوه تو نه آن عشق آسمانی را
كنون فغان بر من
در انتظار نشسته به راه وعده واهی
دو چشم خسته من
پرنده‌ای است اسیر فضای نامتناهی
دڵ شكسته من
فاتح شیخ‌الاسلامی(چاوه)
تهران – تابستان 1345 (1966)
——————————————————————————————————-
شێعره‌كه‌ی گۆران:
سكاڵا …
له سه‌مای به‌رزی ناوبانگی حوسنا
تاقه ستاره،
نه‌بووی له وزه‌ی ده‌ستكورتیی منا
ئاشكرا و دیاره!
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه ڕووم لێ وه‌رگێڕای
یه‌كه‌م ته‌سادوف
دله‌ی حه‌سساس نا، به‌ردم پێشان دای
به‌ڵام ته‌ئه‌سسوف:
وات زانی كه من موسته‌غنی و غه‌ڕڕام
حه‌ریص‌تر بووی لێم
تێهه‌ڵچووی: به ده‌م، ئیشاره‌ت، په‌یغام
په‌یمانت دا پێم! …
هه‌یهات! مه‌لی دڵ، خوێنگه‌رمی شه‌باب
ته‌فره‌ی ئاسان بوو،
كه‌وته شوێن قسه‌ت، فڕی به شیتاب،
وێڵی ئاسمان بوو …
كه‌چی نه‌یشتهێشت بێ، له سه‌ر سینه‌ت
بنیشێته‌وه؛
لات‌برد له ڕێگای: هه‌وای مه‌حه‌ببه‌ت
دوورت خسته‌وه! …
«» «» «» «»
مه‌لی ناو فه‌زای ناموته‌ناهیم!
دڵی لاوم ڕۆ!
مانووی ئینتیزار ڕێی وه‌عده‌ی واهیم:
نووری چاوم ڕۆ! …
——————————————————————————————————-
ئاسمان دوور و زه‌وی سه‌خت
له ڕواڵه‌تێكی خه‌شیما نه‌زیره‌ی چ نابینێ
له عه‌سرێكا
كه دێوی زاڵی عیلمی به‌شه‌ر مێشی مانگ ئه‌قاپێنێ
له ڕواڵه‌تێكی خه‌شیما نه‌زیره‌ی چ نابینێ
له كاتێكا
هه‌ر دوو ده‌سی هه‌تاكوو ئه‌نیشكی له قوڕ ناوه
نه‌ک بۆ كار
نه‌ک بۆ قوڕ شێلان
به‌ڵكوو به ڕه‌مزی
ته‌مێ و په‌شیمانی
په‌شیمانی
له‌وان مه‌جالان
وا به‌رد و ئاسنی شێلا و
خه‌نجه‌ری خوڵقاند
بۆ ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه
كه ده‌ستی پێ ئه‌نێنه سه‌ر سینه
له‌وان مه‌جالان
وا عه‌رزی هه‌ڵدڕی
به چنگه‌ڕنێ
تا مشكی هه‌ماری ماڵی ئاغا
به خه‌له‌ی سوور
گورپن بێ و خرپن بێ
مناڵه‌كانی ئه‌ویش ببنه بووكه دارینه
له ڕواڵه‌تێكی خه‌شیما نه‌زیره‌ی چ نابینێ
له كاتێكا
خه‌نجه‌ر و ده‌سه‌كه‌وشه‌ی نه‌ماوه*
بۆ ده‌ستی به‌ر پشتێن
له ڕواڵه‌تێكی خه‌شیما نه‌زیره‌ی چ نابینێ
له كاتێكا
هاتۆته گوێسه‌بان
سه‌ر گوێسه‌بانی ماڵی ڕووخاوی
هاوار ئه‌كا:
گه‌لی براده‌رینه!
زه‌وی سه‌خته ئاسمان دووره
گه‌لی براده‌رینه!
زه‌وی سه‌خته ئاسمان دووره.
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
پاییزی 1344 (1965)
————————————————————————
*: "خلع ید" له جووتیارانی هه‌ژار له اصلاحات ارضی دا.
——————————————————————————————————-
نانی شوانی
(حه‌وته‌وانان)
"هه‌موو كه‌سێک نانی خۆش ئه‌وێ، به‌ڵام كه‌س وه‌ک شوان به سینگییه‌وه نانێت" – وته‌یه‌كی ناو خه‌ڵک -
به‌ڵێ! وای ئه‌تۆ،
وه‌ک زرێباری بن خێوه‌تی مانگه‌شه‌و
به مه‌ندی شكۆدار و گه‌وره و گرانی
به‌ڵام پێكه‌نه! پێكه‌نه!
تۆ په‌ریزادی گوڵ خه‌نده‌رانی
زوڵاڵه شه‌تاوه‌ی گه‌شی زایه‌ڵه‌ی پێكه‌نینت
وه‌كوو له‌م زرێباره پۆلی په‌ری هه‌ڵفڕیبێ
بلاوێنه سروه‌ی له‌تیفی هه‌ناسه‌ت
چما ڕۆحی سووكی به‌هارت مژیبێ
«» «» «» «»
له پاش چه‌نده مه‌ندی، وتاری ڕه‌وانت
چ مایه‌ی دڵئاوایی‌یه!
چه‌نده شیرینه شێوه‌ی دوانت!
ئه‌ڵێی شیر و شه‌كراو ئه‌نۆشیت و ده‌رگا له باخی به‌هه‌شتێ ئه‌كه‌یتۆ
جریوه‌ی گه‌شت ویته‌ویتی كه‌وی شۆخ و شه‌نگه،
له كه‌یفی به‌هاری بلووغا
ته‌وژمی شه‌پۆلی ژیانه ئه‌هاژێته گیانم
«» «» «» «»
ته‌واری به‌سامی كه‌ژی كورده‌واری!
به جوانی دلێر و به نازی كه‌نیشكانه تێر و ته‌یاری
ده‌سا به‌شقی خوا به‌س كه تاوێ
به كه‌وله‌نجه شێت و چه‌واشه‌م مه‌كه
ده‌مێ لێم گه‌ڕێ!
سه‌رنجم ده‌مێكه زوڵاڵیی نه‌ماوی چه‌په‌ڵگه‌ی هه‌راسانكه‌ری گه‌وره‌شاره
به‌ڵا با له چاوه‌ی گه‌ش و ڕوونی دوو چاوی شینت،
كه هه‌روه‌ک زرێباری به‌ر تاو و ساوی به‌یانه،
مه‌له‌ی ده‌م
به‌ڵا با حه‌ریری سپی ده‌سته‌كانت
وه‌كوو نانی شوانی،
كه ده‌سكه‌وتی ئێواره‌كانه له پاش ڕه‌نجی ڕۆژانی شوانی،
بگووشم به سینگا
به‌ڵا با له گیانی جه‌خارئاژنم بێته ده‌ستی مه‌سیحا
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
مه‌ریوان – به‌فرانباری 1346 (1967)
——————————————————————————————————-
ئه‌م شێعره‌م بۆ شه‌هین وتووه، له یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی گه‌رابه‌ستنی خۆشه‌ویستیمانا.
——————————————————————————————————-
بۆ مه‌هاباد
< ناته‌واو >
لای گه‌لاوێژه چله‌ی هاوینه
ڕۆژه وه‌ک ڕوومه‌تی یار پڕ تینه
كه‌لكه‌له‌ی گه‌شت و گه‌ڕم که‌وته‌وه سه‌ر
به‌م گڕ و کڵپه سه‌رم نایه سه‌فه‌ر
بۆ مه‌هابادی هه‌ژار و هێمن
تاسه پڕ گيان و دڵی به سوێمن
…………………..
تاقه‌داری كزی پیری عه‌وداڵ
دیمه‌نی "هێمن"ی هێنامه خه‌یاڵ
وه‌كوو ئه‌و تاک و ته‌ریک له‌م لێژا
غه‌یری سوێراوی گڕاو نه‌یچێژا
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
1345 (1966)
——————————————————————————————————-
پێم ناڵێی چی دڵی گرتی؟
دڵم نایه لۆمه‌ت بكه‌م
هه‌رچی ئه‌كه‌م
دڵم نایه.
ئه‌و په‌نجه‌ی ناته سه‌ر پیلكه و
ئه‌و هه‌وایه‌ت پێ بێده‌نگ كرد
خورپه‌ی دڵی پڕ خۆشه‌ویستیت پێ وه‌ستاند
هه‌ر ئه‌و په‌نجه بوو سه‌دان جار
پیلكه‌ی ڕقی بێبه‌شانی
به‌رانبه‌ر به سته‌مكار و چه‌وسێنه‌ران
توند گووشیبوو
سه‌دان ئاگری به‌ردابوو
له ئوردووی سه‌رمایه و سته‌م
ئه‌و په‌نجه بوو كه سه‌دان جار قه‌ڵه‌می توند توند گوشیبوو
خیتوولكه‌ی بیر و باوه‌ڕی له سه‌ر كاغه‌ز خستبووه ڕێ
چۆن لۆمه‌ی كه‌م؟ چۆنی نه‌كه‌م؟
«» «» «» «»
پاش چه‌ندین ساڵ
كه هیچكه‌س دڵی نه‌ده‌هات
له گوڵ كاڵترت پێ بڵێ
گه‌ر تۆزقاڵێک ڕه‌خنه و لۆمه‌شیان لێت بوایه
خێرا به دڵفراوانی و
به بزه‌یه‌كی زۆر شیرین‌تر له قه‌نده‌وه
ئه‌توت: "ڕاسته، قسه‌تانه، بۆ له‌مه‌ولا …"
ئێستا هه‌موو به هه‌زار زار
به ده‌نگێكی تێكه‌ڵ له خه‌م و دڵپڕی و خۆشه‌ویستی
لێت ئه‌پرسن: "بۆچی وات كرد؟"
به‌ڵام به داخه‌وه ئیتر جوابت نییه
هه‌ر گوڵاڵه‌ی برینه‌كه‌ی نێوچاوانت
بێده‌نگ ده‌می كردۆته‌وه و هیچیش ناڵێ
«» «» «» «»
ئاخ! چاوگه‌ی خه‌مان له كوێیه؟
لێوی سووتاوی پێوه نێم
كێوی دڵته‌نگیی كامه‌یه؟
سه‌ری سه‌ودایی پێوه نێم
«» «» «» «»
تفه‌نگ تاسه‌باری شانته
ڕێ و بان چاوه‌ڕێی هه‌نگاوت
چاوی سووتاوی هه‌ژاران
تامه‌زرۆی ترووسكه‌ی چاوت
كۆبوونه‌وه‌ی چه‌وساوه‌كان
تینووی وتاری پاراوت
كه دڵیان ئاوپژێن كات و هانده‌ریان بێ
له ژیان و له خه‌باتیان بۆ ڕزگاری
هه‌روا ڕێ نیشانده‌ریان بێ
«» «» «» «»
پێم بڵێ چی دڵی گرتی؟
خه‌می هه‌ژار دڵی گرتی؟
ژینی بێ ئۆخه‌ی كرێكار دڵی گرتی؟
دێی كاول و حه‌وزی لیخن؟
ڕۆڵه‌ی ڕووتی ڕوومه‌ت چڵكن
دڵی گرتی؟
ئێشی لاقی پێشمه‌رگه‌ی لاو؟
ڕووته‌ڵ بوونی
سه‌رما بوونی؟
برسی بوونی؟
دڵگیر بوونی؟
دڵی گرتی؟
به‌ڵام ئاخر تۆ هه‌ستابووی
ئاڵای سوورت هه‌ڵكردبوو
ده‌ردی ده‌ردان چاره‌سه‌ر كه‌ی
ماكی مه‌ینه‌ت بسووتێنی
كه‌ی هه‌رگیز وتمان ئاسانه و بێ گرێ و گۆڵ؟
چه‌ند جار خۆت به خه‌ڵكانت وت:
ده‌ربه‌ندی شاخ
سووک و ئاسان
نه‌رم و نیان
تێپه‌ڕ نابێ؟
چه‌ند جار وتت:
عه‌رزی ڕه‌قه‌ن
گه‌ر ڕه‌هێڵه نه‌یخووسێنێ
به فرمێسكی چاو ته‌ڕ نابێ؟
چه‌ند جار وتت:
هه‌ر كۆیله‌یه‌ک
له‌و ڕۆژه‌وه به كۆیله‌یی خۆی زانیوه
نیوه‌ی زنجیری كۆیله‌تی له شان و مل داماڵیوه
ئاماده‌یه بێته ڕه‌هێڵه و ڕه‌شه‌با بۆ ئه‌و نیوه‌ی؟
تۆ ڕه‌هێڵه‌ت له ده‌ستا بوو
تۆ ڕه‌شه‌بات له مشتا بوو
پێم ناڵێی چی دڵی گرتی؟
كام بوومه‌لێڵ به كام ته‌م و مژ ده‌وره‌ی دای؟
كام ته‌لبه‌ند ڕێگای لێ ته‌نیت؟
تۆ كه‌سێک بووی هیچ ته‌لبه‌ندێک
بواری لێ نه‌ته‌نیبووی
تۆ كه‌سێک بووی
هیچ قوڵفێكی ئه‌م دونیایه
به‌رگه‌ی ده‌ستی نه‌ئه‌گرتی
تۆ مانگێک بووی به ئه‌ستێره ده‌وره دراو
ڕووناكیت ئه‌خسته سه‌ر ڕێی كاروانییه‌كان
گه‌ر تاوێكیش بزه‌ی چاوی ئه‌ستێره‌یه‌ک
نه‌ترووكایه
به تیشكی خۆت دیسان گه‌شت ئه‌كرده‌وه
تۆ مانگێكی ڕوومه‌ت گه‌ش بووی
سێبه‌ری ئه‌م خاكه ڕه‌شه
بۆ چه‌ند سه‌عات كه‌وته سه‌رت
كه‌چی بۆ هه‌میشه ون بووی!
بۆ بانگێكی ڕۆژت نه‌كرد
ئه‌و سێبه‌ره‌ت له سه‌ر لادا؟
تۆ گوڵێک بووی
له په‌نای كانیاوێكی گه‌ش دا
سیس بووی ژاكای!
بۆ دڵی گه‌رد لێ نیشتووی خۆت
نه‌خسته ناو كانیاوی ڕوون
بیشۆیته‌وه؟
«» «» «» «»
شه‌وان دره‌نگ
ڕێگای سپی ناو شه‌وه‌زه‌نگ
پایه‌نازی پێڵاوت بوو
هه‌نگاوتی ئه‌گرته باوه‌ش
شاخه‌كان خۆشیان ئه‌ویستی
دارستان خۆشیان ئه‌ویستی
لووتكه‌ی به‌رز و پێده‌شتی سه‌وز
زه‌رده‌ی سه‌ر كه‌ل
شه‌پۆلی به‌حر و ماسییه‌كان
هه‌موویان خۆشیان ئه‌ویستی
ماڵاواییت لێ نه‌كردن
هه‌موومان خۆشمان ئه‌ویستی
ماڵاواییت لێ نه‌كردین
كه‌چی هێشتاش
دڵم نایه لۆمه‌ت بكه‌م
هه‌رچی ئه‌كه‌م
دڵم نایه.
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
دۆڵی شلێر، پاییزی خه‌مناكی 1363 (1984)، بۆ خه‌می برای خۆشه‌ویست و جوانه‌مه‌رگم مووسا
——————————————————————————————————-
بۆ كچه نان فرۆشی سه‌ر جاده
ئه‌ی كچه نان فرۆشه‌كه
شه‌و دره‌نگه
هه‌تا كه‌ی ناگه‌ڕێیه‌وه؟
دره‌نگ وه‌خته و شار بێ خاوه‌ن
تا كه‌ی له سه‌ر ئه‌م جاده‌یه ئه‌مێنیه‌وه؟
ئه‌تبینم سرک و بێ ئۆقره‌ی
وه‌ک بێچووه ئاسكی به‌جێماو
به جێ پێته‌وه به‌ن نابی
به‌م لاو ئه‌و لاتا ئه‌ڕوانی
هه‌ڵئه‌ستی، دائه‌نیشیه‌وه
نانه‌كانی فه‌رغوونه‌كه‌ت ئه‌ژمێریه‌وه
به‌م ده‌ست ئه‌و ده‌ستت ئه‌گڵۆفی و ئه‌ڵێی:
"چ بكه‌م؟
شه‌و دره‌نگه و
فه‌رغوونه‌كه‌م هێشتا نانی تێدا ماوه"
«» «» «» «»
ئه‌ی خوشكه نان فرۆشه‌كه‌م!
باریكه‌ڵه‌ی ڕوومه‌ت سووتاو!
شار دامركا،
جاده چۆل بوو،
كۆڵان ته‌واو تاریک داهات،
ڕێی ماڵه‌كه‌ت چاونه‌بینه
هه‌تا كه‌ی ناگه‌ڕێیه‌وه بۆ ئه‌و ماڵه ڕه‌ش و ڕووته‌ت؟
دایكی هه‌ژار دڵ له دواته،
دڵداره قاچ قوڕاوییه‌كه‌ت چاوه‌ڕێته،
- كوڕه جیرانی ئازیزت،
وا گشت ڕۆژێک ئێوارانه
پاش ده سه‌عات قوڕه‌كاری
سه‌رت ئه‌دا؛
به ڕوانینه گراوییه‌كه‌ی
سوورایی ئه‌زێته گۆنات
پزیسک ئه‌پژێته چاوانت
چۆله‌كه‌ی ئه‌و دڵه ناسكه‌ت
باڵه‌فڕه‌ی پێ ئه‌كه‌وێ -
نازانم ئه‌مشه‌و بۆ نه‌هات به شوێنتدا،
بێ و نه‌بێ له تاو شه‌كه‌تی
ئه‌و هه‌ژاره‌ش
وه‌ک سه‌خری كه‌ساس كه‌وتووه
«» «» «» «»
ده هه‌سته پێ!
فه‌رغوونه‌كه‌ت وه پێش خۆت ده!
كیژۆڵه نان فرۆشه‌كه‌م!
شه‌و دره‌نگه
كه‌س نه‌ماوه
ئه‌و زگتێره ناكه‌سانه،
وا بۆ دوو نان
چوار جار مووچه‌ی نانه‌كانت ئه‌شێوێنن،
ئه‌و چاودڕاوه په‌ستانه
وا له گه‌ڵ هه‌ر تمه‌نێكدا
دوو قسه‌ی سووكت پێ ئه‌ڵێن
تفیان لێ كه!
نانی ئه‌و ده‌سته پاكانه‌ت
مه‌فرۆشه به‌و ناپاكانه
«» «» «» «»
ئه‌ی خوشكه چاو سووتاوه‌كه‌م!
خۆزگه ئه‌مزانی شه‌وانه،
ئه‌و كاتانه له گه‌ڵ دایكت
له به‌ر نێڵه‌ی گڕا هه‌تا ده‌مه و به‌یان
ته‌پ ته‌پ نان ئه‌كه‌ن بۆ فرۆش،
خۆزگه ئه‌مزانی چی ئه‌ڵێن؟
چۆن باسی ڕزگار بوون ئه‌كه‌ن
له‌م ژیانه بێفه‌ڕه‌تان؟
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
به‌غدا – حی‌الجمیله – خه‌زه‌ڵوه‌ری 1367 (1988)
——————————————————————————————————-
به‌سه‌رهات
(به‌سه‌رهاتی ژنێكی كرێكاری قالییه كه له ده‌س فشاری كه‌س و كاری هه‌ڵدێ بۆ لای كۆمه‌ڵه. له سه‌ر ئه‌ساسی به‌سه‌رهاتی واقیعیی فاتمه، هاوسه‌ری هاوڕێی گیانبه‌ختكردوو ڕه‌شیدی میسری)
بارانی پاییز به خوڕه‌م ئه‌بارێ به سه‌رما
تاقه ده‌زوویه‌ک به وشكی نه‌ماوه له به‌رما
خه‌ت خه‌ت ڕه‌هێڵه‌ی په‌نایه‌ک په‌نایه‌ک
وه‌ک تانی ته‌ونه كه به‌رچاوی گرتووم و لێم بۆته مۆته‌ک
سواری سه‌رم بووه به یه‌كبین ئه‌ڵێ: "ده‌ی، ده‌سا ده‌ی!"
هه‌رچی ئه‌كۆشم كه ئه‌و ته‌ونه به‌شكه‌م به‌رم دا، محاڵه
یه‌ک تاقه ئازای له‌شم جووڵه ناكا
ئه‌ڵێی هه‌ر له پشتێن به‌ره‌و خوارمی پێوه به‌ستراوه
پێچه‌ن دراوه و
له سه‌ر دا، به قامچی، به بێ به‌ین
له ته‌وقی سه‌رم ڕائه‌كێشن
«» «» «» «»
نا نا، خه‌یاڵات! خه‌یاڵات!
خه‌یاڵاته ئه‌مباته‌وه پشتی ئه‌و داره ته‌ونه له‌عینه
من تازه ئیتر ڕه‌ها بووم ڕه‌ها
كوا؟ كوانێ؟ كوا تانی ته‌ونه؟
ئه‌مه شه‌سته بارانه ئه‌مشێلێ، بارانی پاییز
كه ئاوا له گۆی بردووم.
«» «» «» «»
پاسارییێكم له حه‌وز هه‌ڵكشاو
وه‌خته بمرم له سه‌رما
دوا جمگه ئه‌ندام و ئازام ئه‌له‌رزێ، وه‌نه‌ن چوونه ئاوا
سێ ڕۆژه به‌م تاو و بارانه له‌م ناوه ڕێگا ئه‌كه‌م
دۆڵ به دۆڵ، دێ به دێم پشكنیوه
شوێن پۆله باڵنده‌یه‌ک كه‌وتووم وا ده‌مێكه
خۆزگه‌ی دڵی خۆم له چاویان،
بزه‌ی لێو و
ڕاوێژی ده‌میان و
تێسكه‌ی تفه‌نگیان به‌دی كردووه.
سێ ڕۆژه ئاسكێكی به‌ربووم و هه‌ر بیره بیره و گل و ژانمه
به هیچ هه‌رد و به‌ردێكه‌وه به‌ن نه‌بووم و ئه‌زانم
كه ژانی برینم له كام مه‌نزڵی دڵنیایی
ده‌مێ ئه‌سره‌وێ.
ئه‌ڵێی سێبه‌ڕۆم گرتووه
یاو و له‌رز و وڕاوه‌م له كۆڵ ناكه‌وێ
به پێوه خه‌وی سه‌رده‌می تفت و تاڵی مناڵیم و لاویم ئه‌بینم:
- ده‌مێ وه‌ک په‌پووله
به ناو مێرگی نه‌خشینی ژین دا
ئه‌هاتم، ئه‌چووم، كام گوڵی جوان بوو
ئه‌مكرده مه‌نزڵ
كه‌مێ هه‌ڵكشام
جوانوویێكی سڵی سركی نه‌سره‌وته‌نی بووم
به‌ڵام ده‌ستی ڕاست و چه‌پی خۆم نه‌ناسیبوو
گیرام
به پشت داره ته‌ونێكه‌وه توند له چوارمێخه كێشرام
كه‌مه‌ندم له پرچ و له په‌لكانی زێڕینی خۆم بوو
- ئه‌و پرچ و په‌لكه‌ی
هه‌موو كوڕگه‌لی دێ به ئاواته‌وه بوون
كه جارێک
به حاڵێک
سه‌رئه‌نگوستی ده‌ستیان بگاتێ -
هێشتا نه‌مامی دڵ و خۆشه‌ویستیم
گوڵێكی نه‌پشكووتبوو
هێشتا له ژێرخانی تاریكسان و
له زیندانی به‌ر داره ته‌ونا
به خۆمم نه‌زانیبوو خوێنی جه‌وانی گه‌ڕاوه به ڕه‌گما
هێشتا له شه‌وقی چپه‌ی ئاشقانه
سووریی له گۆنام نه‌زابوو
ویستیان ڕسم كه‌ن، وه‌كوو گوێره‌كه و بمفرۆشن به شووی نابه‌دڵ
یه‌كه‌م جار منی سركی نه‌سره‌وته‌یان دا به ژن بۆ براكه‌م به پیرێک
خرۆشام قریشكه‌م گه‌یانده په‌ڕی دێ
وتم گه‌ر ملیشم به په‌تدا بكه‌ن مل به زۆرداریی ناده‌م
دوو ساڵه به‌م ده‌رده گیرۆده‌م و
ڕۆژ نه‌بوو من به قژ ڕانه‌كێشن
ڕۆژانه ڕێگای ده‌ر و كانییان لێ ته‌نیبووم
شه‌وگاری ڕه‌ش
جێم له ژێرخان و نوێنم له سه‌ر ئاخوڕی بزن و مه‌ڕ بوو
وا بوو كه خێم دایه ته‌ون و
خه‌می خۆم له گه‌ڵ هیلمه هیلمه‌ی گرێ دا
له زۆری په‌ژاره هه‌ر ئاگام نه‌بوو
خێری ئه‌و قاڵییه جوانانه وا كردی من بوون
له گیرفانی كام تاجری شار ئه‌ماسێ
پاداشی سۆمایی چاو و په‌نجه‌ی سواوم
حه‌رام بێ! له دوو گوشه‌واره و له خڕخاڵێ زیاتر
نه چاوم به پووڵێ ئه‌كه‌وت و
نه په‌نجه‌م له پووشێ ئه‌بوو گیر
به‌شی من ئه‌سیریی بوو، گیرۆده‌یی ناو قه‌فه‌س بوو
قه‌فه‌س داره‌ته‌ونی ڕه‌قی بێ نه‌فه‌س بوو
به‌یانان ده‌نووكم له مێلێ ئه‌گیراند هه‌تا زه‌رده‌په‌ڕ
به به‌ر ته‌ونه‌وه موره‌موره‌م ئه‌كرد
به‌شكه ساڕێژی كه‌م ئه‌و خه‌مه‌ی
وه‌ک گوڵۆڵه‌ی به‌نێكم له سه‌ر دڵ گرێ بوو
به‌ڵام بۆ به‌ڵای گیانی خۆم نه‌مئه‌زانی
كه هه‌ر چه‌نده خێم دایه قاڵی
خرابتر له چاڵی سیابه‌ختی كه‌وتم
نه‌مئه‌زانی
كه هه‌رچه‌نده كردم وه‌سایانه‌تر بوایه
خۆ نرخی كه‌وڵم له گه‌ڵ نرخی قاڵی ئه‌ڕۆیشته سه‌ر!
هه‌ر ئه‌توت كه به‌م ڕۆژگاره
به كه‌ڵكیتی ئاسن
به هێزی هه‌موو په‌نجه‌كانم
خه‌ریكم گرێی به‌ند و داوی
كوڵۆڵی و ئه‌رامه‌ننه‌یی خۆم
پته‌وتر ئه‌كه‌م
سه‌ره‌نجام هه‌میسان خه‌ریک بوون به شووم ده‌ن
به تاجر- ده‌ڵاڵێكی خوێنتاڵی خوێنمژ
كه قاڵی به كردن ئه‌دا له‌و دێهاته
وه‌ک بێژی كاردیان به ئێسقان گه‌یاندم
ئه‌مجاره ئۆقره‌م نه‌ما
ده‌لاقه‌ی ته‌ویڵه‌م شكاند و
چلۆن تیر به لووله‌ی تفه‌نگدا
وه‌ها من به تاریكه‌شه‌ودا گڤه‌م كرد.
«» «» «» «»
له گه‌ڵ بیره بیره‌ی مناڵی و خه‌م و ده‌ردی عومری به‌باچوو
له پاش چه‌نده مه‌ینه‌ت
گه‌یشتم به ئاواتی مه‌نزڵ
نهێنگای عه‌زیزانی خۆم دیته‌وه – ئای له خۆشی دڵم ئه‌و ده‌قیقه و سه‌عاته!
"ڕه‌شی" هات به پیریمه‌وه
خۆی بوو، باشم ئه‌ناسی:
- ئه‌مه تۆی؟
دوو ڕیزه دیانی سپی ژێر سمێڵی ڕه‌شی
دوو چاوی زیتی وه‌كوو گڕ له كوانووی برۆیا
به جامانه‌كه‌ی وا ته‌وێڵی شه‌ته‌ک دابوو
گشت ده‌م و چاوی سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو
كه دیم وامئه‌زانی به جارێ گڕی چاوی به‌ر بوه‌ته گیانم
ته‌زوویێک و گه‌رمایی‌یێكی مولایم به له‌شما گه‌ڕا
«» «» «» «»
یه‌ک و دوو كچان ده‌وره‌یان دام
چما ده‌سته‌خوشكێكی چه‌ن ساڵه‌یان بووم
چ ڕوح سووک و خۆشویسته‌نی و میهره‌بان بوون!
له به‌ر چاوی پڕ تاسه‌ما وه‌ک فریشته‌ی حه‌كایه‌ت
په‌ریزادی شیرینی گوڵ‌خه‌نده‌ران بوون
به یه‌ک چاوتروو‌كان هه‌رێكیان جلێكی
له خورجینه‌كه‌ی یا له به‌ر بۆ ده‌رێنام
ئه‌وه‌ی وا له به‌رما بوو پاک دامڕنی، به‌رگی وشكم له به‌ر كرد
وتت بوومه بنیاده‌مێكی تر و
هه‌رچی ئازاری چه‌ن ساڵه‌مه
له گه‌ڵ ئه‌و لیباسانه یه‌كسه‌ر فڕێم دان
هه‌ر ئه‌و عانه من ڕاسته‌كه‌ی
گیانی خۆم، خۆشی ڕزگاری و
خۆشه‌ویستی "ڕه‌شی"م پێكه‌وه نایه ناو ده‌سره‌یێک و
وه‌كوو خۆشترین یادگاری
له گۆشه‌ی دڵم دا هه‌ڵمگرت و هه‌رگیز فه‌رامۆشی ناكه‌م.
ئه‌فسووس و داخی به جه‌رگم
نه‌ما ئه‌و نه‌مامه‌ی یه‌كه‌م جار
به دڵخوازی خۆم
باوه‌شم گرته‌وه بۆی
سه‌رم نایه سه‌ر سینگی گه‌رمی و
هه‌موو ئێشی پێشووم له بیر برده‌وه
به‌ڵێ وابوو، ئه‌و یاری خوێنگه‌رم و هاوسه‌نگه‌ری ها‌نده‌رم بوو
ڕه‌فیقی ژیانم، شه‌ریكی وتوویره‌كانم بوو
ده‌ستی ئه‌گرتم به‌ره‌و ڕۆشنایی
به‌ره‌و ژینی تازه‌م
كه ئیتر بكۆشم له جێی نه‌خشی قاڵی
به سه‌ر په‌نجه نه‌خشی ژیانێكی نوێ
دابده‌م بۆ ژن و پیاوی هاوچاره‌نووسم
«» «» «» «»
من ئێستاكه ئیتر ژنێكی كزی ده‌سته‌مۆ نیم
زه‌لیلی بریقه‌ی چه‌قۆ نیم
ئه‌سیرێكی بن ماڵ و ماڵی خرید و فرۆش نیم
من ئه‌و په‌نجه وا ساڵه‌ها بوو له هیلمه‌م ئه‌گیراند
له پیلكه‌ی تفه‌نگی ئه‌گیرێنم ئێستا و
به‌ره‌و ڕووی هه‌موو ڕه‌نجمژان ئه‌یته‌قێنم
دوو چاوم كه ماندووی گرێی وردی قاڵی بوو، ئێستا
به ڕیزی وشه‌ی چاو و دڵ ڕوونكه‌ری ناو كتێب ئاشنایه
من ئه‌و كات كه مشتێک مناڵ بووم
چلۆنم ئه‌زانی كه ده‌ركه‌م زیانی
له ناو گه‌نم و جۆی ئاوه‌دانی
ئێستاش ئه‌زانم كه چۆن به‌رهه‌می ڕه‌نج و كار
گشته‌كه‌ی
له چنگ مفته‌خۆران ڕه‌ها كه‌ین
من ئێستاكه وه‌ک چۆن ئه‌زانم
له ساراتی سه‌وزی به‌هارا
بزن چۆن ئه‌زێ و كارژه‌ڵه‌ی جوان ئه‌بینێ
- به بێ ده‌ستی مامان
وه‌هایشه ئه‌زانم
كه دونیای له‌عینی هه‌ژارخۆری ئێستا
به ده‌ستی هه‌ژاران
به مامانی شۆڕش
جیهانێكی نوێی لێ ئه‌زێ
لیپی دڵشادی و جوانی و به‌هره‌مه‌ندی
له بۆ سه‌رجه‌می ئاده‌میزاد
ژن و پیاو
به یه‌كسان.
فاتیح شێخولئیسلامی(چاوه)
خه‌نده‌كێ، قه‌ڵادزه، به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی ژن، مارسی 1989 (1368)
سه ر چاوه>وێبلاگ هێدی

Things you can do from here:
- Subscribe to (title unknown) using Google Reader
- Get started using Google Reader to easily keep up with all your favorite sites
No comments:
Post a Comment